هەرێم نیوز
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی 7ـی 2026، ڕای گەیاند کە گەرووی هورمز تەنیا بەپێی "رێکخستنەکانی ئێران" دەکرێتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا.
قاڵیباف لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا فێری ئەوە نەبووە کە کردەوەکانی تۆقاندن و پێشێلکردنی بەڵێنەکان چیتر بەبێ باج تێپەڕ نابن".
ناوبراو بە تووندی هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: "ڕوون دەبم: ئەگەر لێمان بدەن، لێتان دەدرێتەوە".
ئەم لێدوانەی قاڵیباف دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران داوە و هۆشداریی داوە لە لێکەوتەی "زۆر خراپتر" ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، دەنگی تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران بیستراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕای گەیاندووە بۆ شەوی دووەم لەسەریەک شەپۆلێکی هێرشیان دژ بە ئێران ئەنجام داوە.
جێگەی باسە، گەرووی هورمز کە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی نەوت و غازی جیهانی، بەهۆی شەڕی دوو ڕۆژی ڕابردوو و شکستهێنانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، جارێکی دیکە داخراوە و هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیە ڕاگیراوە.