هەرێم نیوز
کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییەکی توند و بێپێشینە ئاراستەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕادەگەیەنێت، کە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێدا بۆ سەر خاکەکەی، گەرووی ستراتیژیی هورمز بە تەواوی دادەخات و وەڵامێکی سەربازیی زۆر توندیش دەداتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، کەناڵی "پرێس تیڤی" (Press TV)ـی فەرمیی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا و ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "تاران هۆشداریی داوە بەوەی بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری کۆنترۆڵ و سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا نابێت و هێزەکانی تەواو ئامادەن شەڕ بکەن بۆ پاراستنی هەژموونی وڵاتەکەیان بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە جیهانییەدا."
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ڕاشیگەیاندووە، کە پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو (بۆردومانەکەی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران)، ئیرادەی ستراتیژیی تارانی بەهێزتر کردووە.
لە ئێستادا باوەڕێکی سەربازی و دۆکتۆرینێکی نوێی بەرگری کاری پێدەکرێت، کە بەپێی ئەو ستراتیژە نوێکراوەیە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر خاک یان بەرژەوەندییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی پێگەکانی دوژمن لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج و گەرووی هورمزیش بە ڕووی کەشتیوانیدا بە تەواوی کڵۆم دەکات.