دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ لەبارەی هێرشەکەی سەر قوتابخانەی "شەجەرەی تەیبە" لە میناب: ڕەنگە موشەکی ئێمە نەبوبێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە دەستتێوەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هێرشە موشەکییەکەی سەر قوتابخانەی "شەجەرەی تەیبە" لە شاری میناب-ی ئێرانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هێشتا هیچ بەڵگەیەکی نەبینیوە کە بیسەلمێنێت ئەو هێرشە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە ئەنجام درابێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی 6ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا  لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ڕووداوە کارەساتبار بووە، بەڵام لەو ڕۆژەدا موشەکی زۆر لە ئاسماندا بوون و هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەو موشەکە ئەمەریکی بووە یان نا.

 ناوبراو داوای لە پیت هگست، وەزیری جەنگی ئەمەریکا کرد لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات، وەزیری جەنگیش جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا بە جددی بەردەوامن و کاتی گونجاو ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاوی کردبووەوە کە قوتابخانەکە بە موشەکی کروزی "تاماهاوک" کراوەتە ئامانج، کە موشەکێکی تایبەت بە سوپای ئەمەریکایە و لە دەستی ئێراندا نییە. 

هەروەها هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و ئاشکراکردنی ڕاپۆرتی بێسانسۆری ئەم ڕووداوەیان کردووە.

پاشخانی هەواڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ 9ـی ئاداری 2026، کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند قوتابخانەی "شەجەرەی تەیبە" لە میناب کراوەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان و مامۆستایان گیانیان لەدەست دا.

 بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی توندیی کاریگەریی موشەکەکانەوە، تەرمی بەشێک لە قوربانییەکان نەدۆزراوەتەوە. فەرماندەیی سێنتکۆمیش ئەم دۆسیەیەی وەک بابەتێکی "ئاڵۆز" ناو بردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP