هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا دەستیان بەسەر بڕی 76 ملیار دیناردا گرتووە کە لەناو کێڵگەیەکی عەلا سەمیر جبوری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست، لە ناوچەی سەقڵاوییەی سەر بە پارێزگای ئەنبار شاردراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی 6ـی 2026، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو و وەرگرتنی وتەکانی، دەستەی دەستپاکی هەڵمەتێکیان بۆ سەر کێڵگەیەکی جبوری لە پارێزگای ئەنبار ئەنجامدا و توانییان ئەو بڕە پارە زۆرە بدۆزنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، جبوری دانی بەوەدا ناوە کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر موڵک و ماڵە، لەوانە چەندین ڤێلا، خانوو و شوقەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ باڵەخانەیەکی گرانبەها لە یەکێک لە ناوچە دیارەکانی شاری بەغداد.
تیمەکانی دەستەی دەستپاکی ڕایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هەڵمەتی پشکنینی موڵک و ماڵی دیکەی ناوبراو لە ناوچە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵییەکەدا درێژەی هەیە.