هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کۆپییەکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ کراوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە پرۆسەی گەیشتن بەو ڕێککەوتنە کارێکی ئاسان نەبووە.
واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی چڕ و دوورودرێژ هات، کە دوای هەڵکشانی سەربازی و شەڕێک هات کە لە 28ـی 2ـی 2026 دەستی پێ کرد و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە دروست کرد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی ڤێرسای لە فەرەنسا و بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و تیمی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، یاداشتنامەکەی واژۆ کرد.
لای خۆیەوە ئێران لەڕێگەی دەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندنەوە، وێنەی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی بڵاوکردەوە کە کۆپییەکی یاداشتنامەکەی بە واژۆی ترەمپەوە پێیە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، واژۆکردنی پێشوەختەی ئەم ڕێککەوتنە بە مەبەستی دڵنیابوونە لە کردنەوەی بەپەلەی گەرووی هورمز، کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانیی نەوت و گاز دادەنرێت.
تاران لە دوای دەستپێکردنی ململانێکانەوە، ڕێڕەوەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پەک خستبوو، لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا لە مانگی نیسانەوە گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندبوو.
پاشخانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ دانوستانەکانی یەکشەممەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە هەردوو لا گەیشتنە چوارچێوەیەکی گشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
بڕیارە سبەی هەینی، دانوستانە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی ئەم یاداشتنامەیە لە وڵاتی سویسرا دەست پێ بکات.