هەرێم نیوز
مەلا بەختیار، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی نزیك لە خۆیەوە بڵاوی كردووەتەوە و ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی كردووە، تێیدا وەڵامی نامەیەكی داوەتەوە كە لە یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی بۆی ناردووە و وەسفی مەلا بەختیاری بەوە كردووە كە ”سامانێكی نیشتمانیی كوردستان و یەكێتییە."
لە بەرامبەر ئەم قسانەدا مەلا بەختیار بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "بەداخەوە، کاتێک کۆمێنتی پەیجە فەیکەکانی یەکێتی دەخوێنمەوە کە دەزانم چۆن بەڕێوە دەبرێن و کاتێکیش ئاراستەی پڕوپاگاندەکان دژی من و دژی تێکۆشەرە ماندووەکانی دیکە دەبیستمەوە، هاوکات بۆچوونی هەڤاڵە نزیکەکانت دەزانم کە لێوان لێون لە بوختان هەڵبەستن و شێواندنی ئەو مێژووە کە بەڕێزت لە نامەکەتدا باست کردووە. ببورە ناچارم لێت بپرسم، کاتێک ئەو هەموو درۆ و دەلەسانە دەبیستم و دەخوێنمەوە، ناحەقمە گومان لەوە بکەم، هێشتا بە سامانی یەکێتی و نیشتمانم بزانیت؟"
دەقی نامەکە:
بەڕێز
بافڵ مام جەلال
پاش سڵاو و رێز
نامەکەتم بە بۆنەی دامەزراندنی (٥١) ساڵەی یەکێتییەوە پێگەیشت. بە مەبەست وەڵامەکەیم دواخست! هەتا لە یادی زێڕینی بەرپاکردنەوەی شۆڕشی نوێ (١٠/٦/١٩٧٦ – ١٠/٦/٢٠٢٦) وەڵامت بدەمەوە. بێگومان هەردوو یادەکە، سەبارەت بە تێکۆشەرە دێرین و قوربانی بەخشەکانی یەکێتی، لە سەرەتاوە هەتا سێهەمین کۆنگرەی یەکێتی، دوو یادی پیرۆزن و پیرۆزبن لە تێکۆشەران..
بەڕێز!
وا دەقی پیرۆزبایی نامەکەت بڵاودەکەمەوە، هەتا خوێنەری ئازیز لە ناوەڕۆکەکەی وردببنەوە، ئینجا هەندێک دەستەواژەی بەکارهاتووت، شیدەکەمەوە:
“ هەڤاڵی سەرکردە و تێکۆشەر و دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێز/ کاک مەلا بەختیار
لەم رۆژە پیرۆزەدا، بەبۆنەی ٥١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیوای سەرفرازی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەم ڕۆژەدا، بەڕێزەوە لەگەڵ جەنابتان دەوەستین و لە ڕۆڵ و پێگە و ماندووبوون و خەباتی ئێوە دەڕوانین و ئێوە هەمیشە وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ کوردستان و یەکێتی دەمێننەوە. ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال و ئێوەی تێکۆشەردا دەڕۆین و ئیلهام لە ئەزموون و خەباتی بێوچانتان وەردەگرین.
هیوای سەلامەتی و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین
هەر شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان "
فەرموتانە: لە دڵەوە پیرۆزبایی یادی (٥١) ساڵەت لێدەکەم. هەروەها دەڵێی: لەم ڕۆژەدا، بەڕێزەوە لەگەڵ جەنابتان دەوەستین و لە ڕۆڵ و پێگە و ماندووبوون و خەباتی ئێوە دەڕوانین.. دیسان سوپاس بۆ ئەم هەستەت بەرامبەرم، کە لە -دڵەوە- پیرۆزبایم لێدەکەیت.
لە درێژەی نامەکەتدا دەنوسیت: ئێوە هەمیشە وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ کوردستان و یەکێتی دەمێننەوە. چەند ئەم قسانەم پێ سەیرن، کە وەکو سامانی نیشتمانی و یەکێتی تێماندەڕوانی، بەو ئەندازەیەش سوپاس. نامەکەش بەم دێڕە نایابە کۆتایی پێدێنی و دەنوسیت:
ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال و ئێوەی تێکۆشەردا دەڕۆین و ئیلهام لە ئەزموون و خەباتی بێ وچانتان وەردەگرین.
بەداخەوە، کاتێک کۆمێنتی پەیجە فەیکەکانی یەکێتی دەخوێنمەوە، کە دەزانم چۆن بەڕێوە دەبرێن و، کاتێکیش ئاراستەی پڕوپاگاندەکان دژم (هەروەها دژی تێکۆشەرە ماندووەکانی دیکە) دەبیستمەوە، هاوکات بۆچونی هەڤاڵە نزیکەکانت دەزانم، کە لێوان لێون لە بوختان هەڵبەستن و شێواندنی ئەو مێژووە، کە بەڕێزت لە نامەکەتدا باستکردووە، ببورە، ناچارم لێتبپرسم:
کاتێک ئەو هەموو درۆ و دەلەسانە دەبیستم و دەخوێنمەوە، ناحەقمە گومان لەوە بکەم، هێشتا بە سامانی یەکێتی و نیشتمانم بزانیت؟ ڕەنگە لە وەڵامدا وا بیر بکەیتەوە، هۆکارەکەی دوورکەوتنەوەی بەندەیە، ئەمە راستە. ئاشکرا، لە پلە و پۆست، لەسەر بیرو بۆچون و هەڵوێستی جیاواز دوورکەوتمەوە و لەوساوە هەتا ئێستاش، سەراپا سیاسەت و هەڵوێست و پرەنسیپی حزبایەتیم جیاوازە لەگەڵتاندا. بەڵام شەرەفمەندانە نەک بوختانمەندانە!
ئەوەی من بناسێت، دەزانێت هەتا دواڕۆژی هەناسەی سیاسیم، نە ئامادەم لایەنە گەشەکانی مێژووی هاوبەشی خۆم و هاوسەنگەرەکانم بفرۆشم و، نە هەڵدەگەڕێمەوە لە کێلستانی شەهیدان و، نە فرۆشگای کادر فرۆشتنیش بۆ پۆست و پێگە دادەنێم..!
لەوپەڕی پەرچەکرداری چاوەڕوان نەکراو بەرامبەرم، پاسەوانێکی پەرۆشی مێژووی شەهیدان و زۆربەی نهێنییەکانی یەکێتیم. ئەو نهێنییانەی مێژوو هەژێنن. بەڵام بە پەرچەکردار بەرامبەر بوختان هەڵبەستنی سەرکارەکانی ئێستای یەکێتی، بە مۆڕاڵی سیاسیم، نهێنیەکانم نەدرکاندووە.
بەڕێز!
گوناح نییە دەرسم لە هەڵەکان وەرگرتبێ و، سیاسەتی شەڕی ناوخۆ و ململانێی بێهودەکانی ناو کوردایەتی دووبارە نەکەمەوە. بەندە و چەندین سەرکردەی پێشووی یەکێتی شایەتن، مام جەلال چەند لە تەقینەوەی ناکۆکییەکانی ڕابردوو پاشگەزبوو. چەندیش جەختی دەکردەوە، ببڕای ببڕ، ئامادە نییە، لە هیچ هەلومەرجێکدا، بۆ هەڵدێرەکانی ڕابردوو بگەڕێتەوە.
دڵنیابە، هەڵوێستەکان چ لە ناو یەکێتی و چ لە دەرەوەی یەکێتی، تەنها بۆ ئەوە بوو پابەندی پرەنسیپ و ستراتیژی دیموکراسی و دادپەروەری بوین و هەوڵی بێوچانمان دەدا دووچاری تەقینەوەی کێشە ناوەختەکان نەبین. تەنانەت لەناو (ئاڵای شۆڕش)یشدا، ئامادەنەبووین بچینە ناو جود و دوژمنایەتی یەکێتی بکەین. بەڵکو ئەوکاتەش داوای چارەسەری شەڕی ناوخۆمان دەکرد. بۆیە دڵنیاین ئەوانەی بوختان هەڵدەبەستن، هەتا بەرژەوەندییان بخوازێ، بێ دەربەستن و ناوەستن. بەڵام چەند لە ناو کۆمەڵە و لە شاخدا، داتاشینی تۆمەتی (عێراقچی) چووە سەر. بوختانەکانی ئێستاش هەر ئەوەندە دەچێتە سەر. چۆن دەرکەوت نە ئەوسا و ئەوانەی بوختانیان هەڵدەبەست بە ئەندازەی ئێمە کوردستانی بوون. لە دوای ئەوە تا ئێستاش بە ئەندازەی ئەوان عێراقچین. زۆر ناخایەنێ رۆژگار بوختانەکانی ئێستاش قانگ دەدات!!
هەر سیاسەتمەدارێک دەرسی لە هەڵەکانی مێژووی خۆی و حزبەکەی وەرنەگرتبێ، بێگومان چاوەڕوانی سەرکەوتن نەکات. چونکە بە دروستکردنی فۆبیای دژایەتی یان دوژمنایەتی، هەرگیز سەرکەوتن بەدینایەت. بە تایبەتی هەمیشە لەبەرچاومان بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان، لە دووڕیانی گۆڕانکاری فراواندایە.
بەڕێز!
یادی زێڕینی بەرپاکردنی شۆڕش بە هەلدەزانم، تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە جەنابی مام جەلال دابنێم، کە بە فەرمانی جەنابیان، دەیانجار لە مەرگ گەڕاوینەتەوە و چەندین جاریش، لە پلان و کودەتا و گەلەکۆمەکێی ترسناک، پاراستومانە..!!
هەروەها لەم یادەدا، بە ناوی یەکبەیەکی پێشمەرگەکانی سەرەتای شۆڕش و تەواوی فەرماندە و سەرکردەکانەوە، ئەوانەی لەناو وڵاتدا، بە چەکی قاچاخ و ژەنگاوییەوە، بە شارەزا و نە شارەزاکانەوە، بە لاوی خوێن گەرم و تێکۆشەری ئەزموون دیدەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و بزوتنەوەی سۆسیالیستەوە، شەوە زەنگی فاشیەتمان سووککرد و لە هیچ قۆناغێکدا و لە بەرامبەر ڕووداوە کارەساتبارەکانیشدا، چۆکمان دانەدا. بەناوی هەموویانەوە، پیرۆزبایی یادی بەرپابوونی شۆڕش لە کەسوکاری تەواوی شەهیدان، کەمئەندامانی سەنگەری کوردستان و زیندانیانی سیاسی دەکەم، کە بەری ڕەنج و خەبات و فیداکارییان، ڕاپەڕینی کوردستانی بەدیهێنا.
دیسان سوپاس بۆ نامەکەتان، لەگەڵ ڕێزی
مەلا بەختیار
پێشمەرگەی دانەبڕاوی ١٩٧٦
١٠/٦/٢٠٢٦
یادی ٥٠ ساڵەی بەرپاکردنی شۆڕشی نوێ