هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای عێراق بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نیشتمانیی بەرفراوانی بۆ لابردنی سەرجەم سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای گشتی لە تەواوی پارێزگاکاندا ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی توندی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی وزە.
ئەمڕۆ هەینی (٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمیدا ئاشکرای کرد، عەلی سەعدی، وەزیری کارەبای عێراق، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردنی بە فەرمی ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی مەیدانیی ئەم هەڵمەتە گەورەیە بە مەبەستی پاککردنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سەرپێچییەکان.
وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای گشتاندنی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەرکراوە، کە ڕێگەی یاسایی بە تیمەکان دەدات ڕێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنە بەر. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی فریاگوزاریدایە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانە قورسەی بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و ئاڵنگارییەکانی وەرزی گەرما ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە.
لە بارەی قەبارەی کورتهێنان و پێویستیی ڕاستەقینەی وڵات بە وزە، وەزارەتی کارەبا ئامارێکی مەترسیداری خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق لە ئێستادا پێویستی بە نزیکەی ٦٢ هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لە کاتێکدا قەبارەی بەرهەمهێنانی ئێستای وێستگەکان تەنها نزیکەی ٢٠ هەزار مێگاواتە.
وەزارەتی کارەبا لە بەیاننامەکەیدا هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخی کارەبای ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "ڕێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە تۆڕەکانی دابەشکردندا ٥٥%ی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە زیاتر لە نیوەی تەواوی ئەو وزەیەی لە وێستگەکاندا بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی سەرپێچیی هاووڵاتیان، بازرگانان و بەفیڕۆچوونی تەکنیکی و ناتەکنیکی لەنێو دەچێت و ناگاتە جێی خۆی."