دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەرکرد

هەرێم نیوز

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیاکانی نەوت، فەرمانی کرد کە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە سبەینێوە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ـی ٦ـی ٢٠٢٦، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، ئێوارەی ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان کردووە، کە نوێنەری چەندین کۆمپانیای نەوتی جیهانی هاوڕێی بوون، و کۆبوونەوەکەش بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، وەزیری نەوت و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بەڕێوەچووە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا، گوێی لە ڕوونکردنەوەی ورد گرت لەسەر دۆخی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا کە لە ئەنجامی شەڕی ناوچەکەوە دروستبوون، جگە لە پێشکەشکردنی دیدێکی گشتگیر سەبارەت بەوەی ئەو کۆمپانیایانە لە نزیکترین کاتدا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

عەلی زەیدی فەرمانی کرد کە هەمۆ پێداویستییەکان دابینبکرێن بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارکردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، و ئاماژەی بەوەش کردووە،، ئەو زیانانەی بە عێراق گەیشتوون بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بوون، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕێگری لە زیادبوونی بەرهەمهێنان دەکەن.

باڵویشکرایەوە،، کە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە سبەینێوە دەستبەکارەکانیان بکەنەوە، و جەختی لە گرنگیی کارکردنی هاوبەش و دابینکردنی کەشێکی گونجاو و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP