دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

عەلی زەیدی لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی پرسی چەکدارکردنی هێزەکان تاوتوێ دەکات

هەرێم نیوز 

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی لەگەڵ وەفدی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی کۆبووەوە، و پێکەوە پرسی چوونە ژێر چەتری دەوڵەت و سنووردارکردنی چەکیان لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی 6ـی 2026، نوسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح ئەلزەیدی، پێشوازیی لە وەفدی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی کردووە.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی قەیس خەزعەلی و شیبل ئەلزەیدی کرد کە بەدەم ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئاینییەوە هاتوون و پاڵپشتیی کارنامەی وزاریی حکومەتیان کردووە بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و تەواوی هێزەکان بچنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کە ئەرکی داڕشتنی میکانیزمەکان دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پابەندی و پێوەندییەکان لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی.

هاوكات ڕایگەیاند، پڕۆسەی مانەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دەستوور و یاسادا و دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بەهێز بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP