هەرێم نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە پاڵاوگەکانی باشوور بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، بووەتە هۆی لەدەستدانی چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر سووتەمەنیی ئۆکتان بەرز لە ڕۆژێکدا، و پشووی جەژن و زیارەتە ئاینییەکانیش ئاستی بەکارهێنانیان گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی 6ـی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق دانی بە کەمیی خستنەڕووی سووتەمەنیدا نا، دوای ئەوەی پێشتر چەندین جار ڕەتیکردبووەوە هیچ جۆرە قەیرانێک لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا هەبێت، و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە پڕۆژەیەکی گرنگی پاڵاوگەکانی باشوور.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڕووداوانەی ناوچەکەیان گرتووەتەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پیشەسازیی نەوت هەبووە، و کشانەوەی ئەو کۆمپانیا بیانییە بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە دابینکردنی سووتەمەنیی ئۆکتان بەرزدا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرهەمهێنانی ئێستای سووتەمەنی لە ناوخۆدا نزیکەی 30 ملیۆن لیترە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ئاستی بەکارهێنان بەهۆی پشووی جەژنی قوربان و زیارەتە ئاینییەکانەوە بۆ 34 ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بۆشایی چوار ملیۆن لیتر لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا دروست دەکات.
هاوكات وەزارەت جەختی کردووەتەوە، کە پاڵاوگەکان بەوپەڕی توانایانەوە کاردەکەن و بەردەوامن لە پڕکردنەوەی خواست لە ڕێگەی بەکارهێنانی بڕی کۆگاکراوی بەردەست لە کۆگا سەرەکییەکاندا.
باسی لەوەش کردووە، ئاستی بەکارهێنانی سووتەمەنی لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 35 ملیۆن لیتر، ئەمەش بەرزترین ئاستی پێوانەیییە کە تا ئێستا لە مێژووی وڵاتدا تۆمارکرابێت، چونکە لوتکەی پێشووی بەکارهێنان لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا لە 32 ملیۆن لیتر زیاتر نەبوو پێش دەستپێکردنی ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە.