هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی کتوپڕ و تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "المیادین"، وردەکاریی کاتی کرانە ئامانجی بارەگای ڕابەری باڵای ئێران و کوژرانی عەلی خامنەیی ئاشکرا کرد، و ڕایگەیاند کە لە کاتی تەقینەوەکەدا خۆی لەو باڵەخانەیەدا بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ـی ٦ـی ٢٠٢٦، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە عەباس عێراقچی ئاماژەی بە کاتی ڕوودانی بۆردومانەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، دوای تەواوبوونی دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی ژنێڤ، ڕۆژی شەممە گەڕاوەتەوە بۆ تاران و هەر لەو ڕۆژەشدا ڕووداوەکە ڕوویداوە. ناوبراو کاتژمێر ٩ـی سەرلەبەیانی بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر کۆبوونەوەکانی ژنێڤ، سەردانی نووسینگەی ڕابەری باڵای کردووە و لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسان ژواندنی هەبووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا باسی لە کاتی تەقینەوەکە کرد و گوتی: "ئەو باڵەخانەیەی ئێمەی تیادابووین کرایە ئامانج، بەڵام ئەو بەشەی ئێمەی لێبووین سەلامەت بوو و بەشەکەی تری باڵەخانەکە بە تەواوی وێرانکرا; لەو کاتەدا تەواوی هۆش و بیرم لای دۆخی ڕابەری باڵا بوو و ئومێدەوار بووم لەوێ نەبێت، بەڵام بەپێی ڕێوشوێنەکان هەستم کرد لەوێیە. عێراقچی جەختی کردەوە کە سەرڕای بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆری ئەمریکییەکان و بەرزیی ئەگەری شەڕ، ورەی بەرزی خامنەیی ڕێگەی پێنەدەدا بچێتە نێو پەناگەکان و لە نووسینگەکەی خۆیدا مابووەوە.
عێراقچی ئاشکراشی کرد کە دوای دەرچوونی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکە، گەڕاوەتەوە بۆ بارەگای وەزارەتی دەرەوە و ماوەی ٤٠ ڕۆژ بە بەردەوامی لەوێ ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی، تاوەکو دەنگی ئێرانییەکان بگەیەنێتە جیهان. سەبارەت بە کاتی زانینی گیانلەدەستدانی خامنەییش گوتی: "ڕۆژی یەکەم و دووەم زۆر نیگەران بووم، بۆ ڕۆژی دووەم کاتێک هەواڵی کوژرانی بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە، زانیم کە لە ژیاندا نەماوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لەوە بەهێزترە لەسەر کەسەکان بوەستێت، بۆیە دەستبەجێ دەستکرا بە هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ و "خامنەیی لاو" لە جێگەی خامنەیی بەتەمەن بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات هەڵبژێردرا. عێراقچی ئەم ڕووداوەی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی وڵاتەکەیدا ناوبرد کە هێزی ئێرانی بە هەموو جیهان نیشاندا.