هەرێم نیوز
میدیاکانی ئێران ئاشکرای دەکەن، کە تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکادا، هەوڵی ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری بلۆککراو دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی 5ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، بەپێی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کە لە 14 ماددە پێکهاتووە، دەبێت سەرچاوە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە ماوەی دانوستانەکاندا ئازاد بکرێن، کە بڕەکەی بە 24 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێران جەخت دەکاتەوە پێویستە نیوەی ئەم بڕە پارەیە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاگەیاندنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا بخرێتە بەردەست، و ئەوی دیکەشی لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگوازرێتەوە؛ هەروەها سەردانی محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ دەوحە بە مەبەستی ڕێککەوتن بووە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم داواکارییەی ئێران و چۆنیەتی دەستڕاگرتن بەو 12 ملیار دۆلارە لە هەنگاوی یەکەمدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاندبوو، کە ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە وڵاتەکەی پێشنیازی 12 ملیار دۆلاری بۆ ئێران کردووە بە مەبەستی گەرەنتیی گەیشتن بە ڕێککەوتن، دوورن لە ڕاستییەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ ئێراندا بگەنە ڕێککەوتن، ئەوا ڕێککەوتنێکی باش و گونجاو دەبێت، نەک وەک ئەو ڕێککەوتنەی کە باراک ئۆباما ئەنجامی دا و بڕێکی زۆر پارەی کاش و ڕێگەیەکی ڕوونی بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دایە ئێران.