هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦)، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێ و تونددا هۆشداریدا و ڕایگەیاند، پێویستە گەرووی هورمز "بە هەر شێوەیەک بێت" بە ڕووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە و بە کراوەیی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانەی کە سوپای ئەمریکا دوێنێ دووشەممە لە دژی چەند ئامانجێکی ئێران ئەنجامیدان.
پەیامەکەی ڕوبیۆ لە ئاسمانی هیندستانەوە
مارکۆ ڕوبیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ناو فڕۆکە تایبەتەکەیدا و لە کاتی گەشتکردنی بۆ شاری جائیپوری هیندستان، تیشکی خستە سەر گرنگیی ئاسایشی ئاویی ناوچەکە و گوتی: "دەبێت گەروە دەریاییەکان بە تەواوی کراوە بن، ئەمەش بە شێوازێک لە شێوازەکان جێبەجێ دەکرێت، بۆیە پێویستە بە کراوەیی بمێننەوە."
سەبارەت بە چارەنووسی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانیش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە دانوستانە تەکنیكی و سیاسییەکان بۆ داڕشتنی کۆتا دەقی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە پشت پەردەکانەوە بەردەوامن و ڕوونی کردەوە کە ئەو پڕۆسەیە "ڕەنگە چەند ڕۆژێکی دیکەش بخایەنێت" تاوەکو دەگاتە ئەنجامی کۆتایی.
ئەم پەرەسەندنە خێرایانە لە کاتێکدان کە گەرووی هورمز، وەک یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتی جیهان، کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێ و جووڵە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران، و بازاڕەکانی جیهانیش بە چاوی کراوەوە چاودێریی دەرئەنجامەکان دەکەن.