هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦)، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی حاجیانی ماڵی خودای کردووە، هێرشی توندی کردە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕایگەیاند، چیتر ناوچەکە بۆ هێزەکانی ئەمریکا ئارام نابێت.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا، کە لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کرد: "ئێران لە ماوەی ڕابردوودا گورزێکی یەکجار توند و کوشندەی لە ئەمریکای شەڕانگێز داوە؛ بەمەش تەواوی ئامانجەکانی دوژمنمان پووچەڵ کردووەتەوە کە کاتی خۆی دەیویست تاران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات."
ڕێبەری باڵای ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە ئومەتی ئیسلامی و گەلانی ناوچەکە لە ئێستادا خاوەنی توانا، هێز و بەرژەوەندیی هاوبەشن، و هەر خۆشیان بە شێوەیەکی سەرەکی پێکەوە بەشدار دەبن لە داڕشتنی نەزمی نوێی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکە و تەواوی جیهاندا.
خاکی وڵاتانی عەرەبی نابێتە قەڵغانی واشنتن
لە بەشێکی دیکەی پەیامە هۆشدارییەکەیدا بۆ واشنتن و هاوپەیمانەکانی، موجتەبا خامنەیی ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو لایەک بزانن کە وڵاتانی ناوچەکە و خاکەکانیان چیتر نابنەوە بە قەڵغانی بەرگری بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا؛ ئەمریکاش چیتر بۆی نییە وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ دەستوەردانی سیاسی و دامەزراندنی بنکەی نوێی سەربازی تەماشای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات."
ئەم پەیامە توند و ئاشکرایەی ڕێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە مەیدانییەکانی نێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی ئێران لە ناوچەکەدا سەرڕای بوونی ئاگربەست بەردەوام بوون، و ئەم لێدوانانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی تاران لە پشت مێزی دانوستانەکانیشەوە سازش لەسەر پێگەی سەربازیی خۆی ناکات.