هەرێم نیوز
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارە مێژووییەکەی دوێنێ یەکشەممە (٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر پڕۆسەی نوێی ئاشتی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پەلەکردن لە پڕۆسەی ئاشتی و تەنگەژەی کۆمەڵگە
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی ئیمراڵی، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەدا ڕایگەیاندووە: "گۆڕینی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە توڕەیی گەورە، بەبێ بیرکردنەوەی قووڵ و بەها ئەخلاقییە بەرزەکان مەحاڵە؛ چونکە لە ئێستادا کۆمەڵگە لەسەرجەم ئاستەکانی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە تووشی تەنگەژەیەکی قورسی پێکهاتەیی بووە، هەر ئەمەشە وایکردووە ئێمە لەسەر سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە پێداگربین و پەلە بکەین."
ئۆجەلان ئاماژەی بە کات گۆڕین و ڕۆڵی پەرلەمانی تورکیا کردووە و گوتی: "مانەوە لە دۆخی چاوەڕوانیدا تەنها مەترسییەکان گەورەتر دەکات و کاتمان نییە لەدەستی بدەین؛ باوەڕم وایە پەرلەمانی تورکیا و سەرجەم لایەنەکان بە هەستی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە هەنگاو دەنێن." جەختیشی کردەوە کە داڕشتنی "یاسایەکی چوارچێوەدار" دەبێتە بنەمای سەرەکیی پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن و گەڕاندنەوەی چەرخی دیموکراسی بۆ وڵات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕووی هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە
لەبارەی هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ڕێبەری پەکەکە هۆشداری دا و ڕایگەیاند: "دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەڕووی هەموو ئەگەرە خێرا و مەترسیدارەکاندا کراوەیە؛ دەوڵەتانی وەک ئێران و ئیسرائیل بەرەو توندبوونی زیاتر دەچن. گەورەکردنی نەتەوە بچووکەکان و پەرەپێدانی نەتەوەپەرستی و دابەشبوون لەم کاتەدا زیانبەخشە، بۆیە ئێمە کار لەسەر پڕۆسەیەک دەکەین کە ڕێگری لەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە بکات و حساباتە خوێناوییەکان تێپەڕێنێت."
ڕووداوەکەی (CHP) و نەبوونی پرەنسیپی دیموکراسی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدوڵا ئۆجەلان تیشکی خستە سەر هێرشکردنە سەر ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و گوتی: "ئایا شکاندنی دەرگای ناوەندی گشتیی حیزبێکی سیاسی بە چەکوش لەگەڵ دیموکراسیدا دەگونجێت؟ ئەو ڕووداوانەی بەرامبەر بە پارتی کۆماریی گەل (CHP) ڕوویاندا، بەڵگەی نەبوونی دیموکراسیی ڕاستەقینەن؛ هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە بنەڕەتی دامەزراندنی کۆمارەوە پرەنسیپی دیموکراسی وەک فانتازیایەکی بێبەها سەیر کراوە."
ئۆجەلان مانا و دەستکەوتی پڕۆسەکەی ڕوون کردەوە: "واتای تێکەڵبوونی کورد لە کۆماری دیموکراتیکدا ئەوەیە کە پرسی کورد لە دۆخی چەقبەستوویی چەندین ساڵە دەربهێنرێت و توندوتیژییەکان بە شێوازێکی سیستەماتیک کۆتاییان بێت؛ ئەمەش دەکرێت ناوبنرێت بە پڕۆسەی نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی مێژوویی نێوان تورک و کورد."
لە کۆتاییدا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە پەیامی ڕێکخراو و ئەکادیمیستە نێودەوڵەتییەکانی بۆ پشتگیری لە ئاشتی لە کتێبێکدا کۆکراوەتەوە، و ڕایگەیاند کە ئامادەیە بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی لە هەر ڕەخنە و پێشنیازێک بکات بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.