دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆماری ئیسلامی ئێران دوو گەنجی کورد لە سێدارە دەدات

هەرێم نیوز

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو” ئاشکرای کرد، ئەو دوو هاووڵاتییەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کردن، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردن و خەڵکی شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

دوێنێ دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند کە دوو کەسیان بە ناوەکانی (ڕامین زلە) و (کەریم مەعروفپوور) لەسێدارەداوە، بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران”.

لەسێدارەدانێکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی هەنگاو، پرۆسەی لەسێدارەدانی ئەم دوو گەنجە کوردە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، بە شێوەیەکی “نهێنی” لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە جێبەجێ کراوە. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سزاکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکانیان و بەبێ پێدانی مافی ئەنجامدانی دواین چاوپێکەوتن (دیداری کۆتایی) ئەنجامدراوە.

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان، هەنگاو ڕوونیکردووەتەوە : “ڕامین زلە و کەریم مەعروفپوور، پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون.”

بەپێی زانیارییە ئامارییەکان، کەریم مەعروفپوور لە ساڵی 2021ـەوە و ڕامین زلە لە ساڵی 2024ـەوە لەژێر دەستبەسەری و زینداندا بوون، تا دواجار سزای لەسێدارەدانەکەیان بەسەردا جێبەجێ کرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP