هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەردانێکی فەرمی بۆ شاری بەغدای پایتەخت ئەنجام بدات، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی عێراق.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە پلەی یەکەم بە مەبەستی پیرۆزباییکردنە لە عەلی فالح زەیدی بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
هاوکات، لە چوارچێوەی سەردانەکەدا مەسرور بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی وەک بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە، بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ کابینە کاتییەکەی بەغدا.