دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کوەیت چوار ئەفسەری هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەستگیر دەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی کوەیت ڕایگەیاند، چوار ئەفسەری هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان دوای هەوڵدان بۆ چوونە ناو وڵاتەکەیان لە ڕێگەی دەریاوە دەستگیر کردووە، و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەشدا ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی کوەیت بریندار بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی 5ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، چوار دزەپێکەری سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە دەریادا و پێش چوونە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە دەستگیر کردووە. لە میانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەشدا، یەکێک لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی کوەیت بریندار بووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی حکومەتی کوەیت لە زاری وەزارەتی ناوخۆوە گواستییەوە، کە دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا "دان"ـیان بەوەدا ناوە سەر بە سوپای پاسدارانن و پێکهاتوون لە دوو عەقید، نەقیبێک و مولازمێکی هێزی دەریایی. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو چوار ئەفسەرە وتوویانە ئەرکیان ئەوە بووە دزە بکەنە ناو دوورگەی بوبیان.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی کوەیتدا هاتووە، ئەو چوار کەسە لە ڕۆژی (1ـی 5ـی 2026) هەوڵیان داوە لە ڕێگەی بەلەمێکی ماسیگرتنەوە کە "بە تایبەتی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە دژی کوەیت ئامادە کرابوو"، بێنە ناو ئەو وڵاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش، وەزارەتی بەرگریی کوەیت هەواڵێکی سەرەتایی لەبارەی هەوڵی ئەو چوار کەسە بۆ چوونە ناو وڵاتەکەیان لە ڕێگەی دەریاوە بڵاوکردبووەوە.

جێی باسە، دوورگەی بوبیان، گەورەترین دوورگەی کوەیتە و دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP