هەرێم نیوز
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا ستایشی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، دوای نزیکەی نیو سەدە لە ئاستەنگ، ئێران توانیویەتی قۆناغێکی "درەوشاوە" لە مێژووی سەربازیی خۆیدا تۆمار بکات.
موجتەبا خامنەیی بە بۆنەی ڕۆژی کرێکاران و ڕۆژی مامۆستایان، پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئێران کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە لە ڕووی ئابووری و کولتوورییەوە ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە. ئەو وتی: "پێویستە هاوشێوەی کەرتی سەربازی، لە ڕووی ئابووری و کولتوورییەوە کار بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی نەیاران بکرێت."
ڕێبەری باڵای ئێران جەختی لەسەر چەمکی "جیهادی ئابووری" کردەوە و ڕایگەیاند، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە تەرکیزکردنە سەر گەشەپێدانی ناوخۆیی و گەیشتن بە سەربەخۆیی تەواو لە هەموو ئاستەکاندا، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکەدا پەکبخات.
ئەم پەیامانەی موجتەبا خامنەیی لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی جیاواز سەبارەت بە تەندروستیی ناوبراو بڵاوکرابووەوە. لەو چوارچێوەیەدا، ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێبەری باڵا لە "تەندروستییەکی باشدایە" و دەرنەکەوتنی لەبەردەم میدیاکان تەنیا پەیوەندی بە ڕێکارە ئەمنییەکانی دۆخی جەنگەوە هەیە.
پێشتر و لە ڕۆژی نەتەوەیی سوپادا، خامنەیی ستایشی ڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردبوو لە پاراستنی نیشتمان و ئازایەتییان لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، کە بە وتەی ئەو، بووەتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا.