هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قۆناغێکی نوێی گوشارەکانی بۆ سەر وڵاتی کوبا ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە فەرمانی بە جوڵەکردنی هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی کردووە بۆ کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ناچارکردنی حکومەتی هاڤانا بۆ خۆبەدەستەوەدان.
جێگیرکردنی USS Abraham Lincoln
سەرۆکی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە بۆنەیەکدا لە ویلایەتی فلۆریدا ڕایگەیاند، ئیدارەکەی بڕیاریداوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln) کە یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکانی جیهان، لە مەودایەکی زۆر نزیک لە کەناراوەکانی کوبا جێگیر بکات. ترەمپ بە شێوازێکی تەوەر ئامێز وتی: "ئەوان بە ناچاری دەڵێن زۆر سوپاس، ئێمە خۆمان ڕادەست دەکەین."
"کوبا ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە"
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی کوبا لە ئێستادا لەژێر فشارێکی سیاسی و ئابووریی تونددایە و ڕووبەڕووی "کێشەی گەورە" بووەتەوە. چاودێران ئەم جوڵە سەربازییەی واشنتن بە هەڵکشانی مەترسیداری گرژییەکان و ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە وەسف دەکەن.
گەمارۆی وزە و باری نائاسایی
ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ دوای زنجیرەیەک سزای ئابووری دێت کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەسەر کوبادا سەپێنراون. لەوانە سەپاندنی باج لەسەر ئەو وڵاتانەی نەوت بۆ کوبا دەنێرن و ڕاگەیاندنی "باری نائاسایی" بە بیانووی مەترسیی کوبا بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
پەرچەکرداری هاڤانا
لە بەرامبەردا، حکومەتی کوبا واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی کە "گەمارۆی وزە" وەک چەکێک بۆ خنکاندنی ئابووری و برسی کردنی گەلی کوبا بەکاردەهێنێت. کۆشکی سپیش لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا جەخت دەکەنەوە کە سیاسەتەکانی هاڤانا هێشتا وەک "هەڕەشەیەکی جدی" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبینرێن.