هەرێم نیوز
لەکاتێکدا ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە لوتکەدایە، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گەرووی هورمز بە "بۆمبی ئەتۆمیی وڵاتەکەی" وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دۆخی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو.
گەرووی هورمز؛ کارتە بەهێزەکەی تاران
ئەمڕۆ هەینی (١ی ئایاری ٢٠٢٦)، عەلی نیکزاد لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو "مافێکی سروشتیی ئێرانە". ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەرووە لە ڕووی گرنگی و کاریگەرییەوە وەک بۆمبێکی ئەتۆمی وایە و تاران وەک کارتێکی فشاری شەرعی بەکاری دەهێنێت.
"شکستی ستراتیژی ئەمریکا"
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا تووشی "شکستی ستراتیژی" بووە. نیکزاد ستایشی بەڕێوەبردنی کاروباری بەرگری و ئەتۆمی لەلایەن سەرکردایەتی باڵای وڵاتەکەیەوە کرد و وتی: "ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی پاراستنی سەربەخۆیی و کەرامەتی نیشتمانیی ئێران."
پیتاندنی یۆرانیۆم و شکۆی زانستی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەم بەرپرسە باڵایەی پەرلەمان، دەستکەوتە ئەتۆمییەکانی تارانی بەرز نرخاند، بەتایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٦٠٪. ئەو ئەم هەنگاوەی بە "هێمای شکۆمەندی زانستی" وەسف کرد و داوای کرد لە ڕێگەی پلانە داڕێژراوەکانەوە، فشار و سزاکانی سەر و وڵاتەکەی پووچەڵ بکرێنەوە.
ڕەهەندی لێدوانەکان
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، بەکارهێنانی دەستەواژەی "بۆمبی ئەتۆمی" بۆ گەرووی هورمز، پەیامێکی ڕوونی تارانە بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکێک لە گرنگترین شادەمارەکانی وزە لە جیهاندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هەمیشە نکۆڵی لەوە کردووە کە بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت.