دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پاکستان سوپاسی ترەمپ دەکات و داوای بەردەوامیی ئاگربەست دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی پاکستان سوپاسی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و ڕایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵە جدییەکانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 4ـی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە لێدوانێکدا، بڵاویکردەوە، کە سوپاسی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵە جدییەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەوە.
شەهباز شەریف ئاواتی خواست کە هەردوولا بەردەوام بن لە ڕەچاوکردنی ئاگربەستەکە.

وتەبێژی حکومەتی پاکستان ڕایدەگەیەنێت، ئیسلام ئاباد هەموو توانایەکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا بکات و زەمینە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر خۆش بکات.

ئەم هەڵوێستەی پاکستان لە کاتێکدایە کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان واشنتن و تاران کار دەکات، و درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دوای زنجیرەیەک پەیوەندی و داواکاریی فەرمیی بەرپرسانی باڵای پاکستان لە ئیدارەی ترەمپ هات، بەو ئامانجەی ڕێگە لە کارەساتێکی سەربازی و ئابووریی گەورە لە ناوچەکەدا بگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP