هەرێم نیوز
ئاماژەکان بەرەو شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەچن، چونکە تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە و شاندی دانوستانکاری ئەمریکاش گەشتەکەی بۆ ناوچەکە دواخستووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی 4ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا وڵاتەکەی جێنەهێشتووە و لە کۆبوونەوەی چڕدایە بۆ داڕشتنی ستراتیژیی قۆناغی دوای ئاگربەست و چۆنییەتی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران.
هاوکات جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، کە بڕیار بوو بەرەو پاکستان گەشت بکەن، ئاڕاستەی گەشتەکەیان بۆ واشنتن گۆڕیوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان ئاشکرای کردووە، تاران هیچ وەڵامێکی فەرمی بۆ ناردنی شاند نەداوە. وتەبێژی حکومەتی پاکستان ڕایدەگەیەنێت، ئێران کە لە 50هەمین ڕۆژی بڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێتدایە، بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانەوە ئامادە نییە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لایەنی پاکستانی هۆشداریی داوە کە ئاگربەستەکە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی ئیسلام ئاباد کۆتایی دێت و تەنیا کاتێکی کەم لەبەردەم هەردوولادا ماوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان.
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی توندی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران و هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا بەتەواوی پچڕان، ئەوەش وایکردووە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە ببنەوە.