دواین هەواڵ

عێراق‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیازی دروستکردنی بۆرییەکی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا دەکات

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی گەرووی هورمزەوە، پێشنیاز دەکات بۆرییەکی نوێی نەوت لە نێوان عێراق و وێستگەکانی دەریای ناوەڕاست لە تورکیا دروست بکرێت، تاوەکوو پشتبەستنی جیهان بەو گەرووە کەم ببێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی 4ـی 2026، فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی دابینکردنی وزە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، دروستکردنی بۆرییەکی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی.

فاتح بیرۆل لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "دروستکردنی ئەم بۆرییە بۆ عێراق پێویستییەکی زۆرە و بۆ تورکیاش هەلێکی گەورەیە، هاوکات لە ڕووی ئاسایشی وزەشەوە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کیشوەری ئەورووپا." ناوبراو دۆخی ئێستای گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەی بەوە وەسف کرد، کە "گۆزەی گەرووی هورمز شکاوە و چاککردنەوەشی زۆر قورسە."

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا باس لەوە کراوە، کە تورکیا پێشتر پێشنیازی فراوانکردنی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیای لە نێوان جەیهان و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کردبوو، بە جۆرێک کە لە بەندەری فاو لە باشووری عێراقەوە تاوەکوو باکووری تورکیا درێژ ببێتەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا و وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی داهاتوو، هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، سووریا و ئوردن بەم دواییانە بە جیا ڕێککەوتوون لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنین و ڕێگا خێراکانیان، ئەوەش بە ئامانجی دروستکردنی ڕێڕەوێکی بەردەوام و پێکەوەبەستراو لە نێوان باشووری ئەورووپا و کەنداودا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP