هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە بەتوندی سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئیسرائیل دەکەن بۆ دیاریکردنی نوێنەرێکی دیپلۆماسی لە ناوچەی "سۆماڵیاند"، هاوکات ئەو هەنگاوە بە پێشینەیەکی ڕەتکراوە و هەوێنی ململانێکان ناودەبات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی 4ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، کە بەتوندی سەرکۆنەی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل دەکەن سەبارەت بە دیاریکردنی نوێنەرێکی دیپلۆماسی لەو ناوچەیەی کە بە (سۆماڵیاند) ناودەبرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێی وایە، ئەم ڕێکارە ئاشکراکەری ئەو نیازانەیە کە ئامانج لێیان هاندانی ململانێ و ناکۆکییەکانە لە ناوخۆی وڵاتاندا.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمە وەک پێشینەیەکی ڕەتکراوە هەژمار دەکرێت و پێشێلکارییە بۆ سەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپەکانی ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی نەگۆڕ و پشتگیریکاری کۆماری عێراقی بۆ یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ و سەروەرییەکەی دووپات کردووەتەوە، و جەختیشی لە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ڕێکارێکی تاکلایەنانە کردووەتەوە کە بگرێتە بەر و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بەو یەکپارچەییە.