دواین هەواڵ

جیهان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی ئەمریکا: ئێران ئاگربەستی شکاندووە و شاندەکەمان سبەی دەگاتە ئیسلام ئاباد بۆ دانوستان

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە، هاوکات هۆشدارییەکی توندیش دەداتە تاران کە ئەگەر پێشنیازی ڕێککەوتنە نوێیەکە قبووڵ نەکەن، ئەوا ئەمریکا تەواوی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران خاپوور دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، کە دوێنێ ئێران بڕیاری داوە لە گەرووی هورمز تەقە بکات، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی تەواوەتیی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زۆربەی تەقەکان ئاراستەی کەشتییەکی فەرەنسی و کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی کراون.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، کە نوێنەرانی وڵاتەکەی بەرەو ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێ دەکەون و بۆ مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان، ئێوارەی سبەی دەگەنە ئەوێ.

سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر پرسی داخستنی گەرووی هورمز و ڕوونیکردەوە: "ئێران بەم دواییانە ڕایگەیاند کە گەرووەکە دادەخەن، ئەمە سەیرە، چونکە گەمارۆکەی ئێمە پێشتر دایخستووە.

 ئەوان بەبێ ئەوەی بزانن یارمەتیمان دەدەن و خۆیان زەرەرمەندی یەکەم پەڕینەوە داخراوەکەن، کە ڕۆژانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیان دەکەن!" جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ زیانێک ناکات و تەنانەت لە ئێستادا چەندین کەشتی بەرەو ویلایەتەکانی تێکساس، لویزیانا و ئالاسکا بەڕێ کەوتوون بۆ بارکردن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هۆشدارییەکی بێپێشینەی دایە تاران و دووپاتیکردەوە، کە ئەمریکا پێشنیازی ڕێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانە و گونجاوی کردووە و هیوادارە قبووڵی بکەن. هاوکات هۆشداریشی دا: "ئەگەر قبووڵی نەکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی وێستگەکانی کارەبا و سەرجەم پردەکانی ئێران خاپوور دەکات. ئیتر کاتی پیاوە باشەکە نەماوە!"

ترەمپ لە درێژەی هەڕەشەکانیدا وتیشی: "ئەگەر ڕێککەوتنەکە قبووڵ نەکەن، جێگەی شانازیم دەبێت ئەو کارە بکەم کە دەبێت بکرێت، کارێک کە دەبوو لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆکەکانی دیکەوە بەرامبەر ئێران بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ئامێری کوشتنی ئێران بهێنین."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP