هەرێم نیوز
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هەردوو حکومەتی واشنتن و تاران دەکات بۆ ئەوەی پابەند بن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، سەرەڕای ئەوەی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان نەگەیشتە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی هەمیشەیی.
وەزیری دەرەوەی پاکستان دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆ چڕەکانی نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران لە وڵاتەکەی، ڕایگەیاند: پێویستە هەردوولا ئەو ئارامییە بپارێزن کە بەهۆی ئاگربەستەکەوە هاتوەتە کایەوە، چونکە ئەمە تاقە دەرفەتە بۆ دوورخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کارەساتی گەورەتر.
ئیسحاق دار جەختی لەوە کردەوە کە شکستی ئەم گەڕەی دانوستانانە بە واتای کۆتاییهاتنی هەوڵەکان نییە و ڕایگەیاند:
• ئیسلام ئاباد بەردەوام دەبێت لە ئاسانکاری و نێوەندگیری بۆ نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکانی تاران و واشنتن.
• پاکستان ڕۆڵی مێژوویی خۆی دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی گفتوگۆ تا گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی.
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی هەموو تواناکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی مێزی گفتوگۆ جێگەی مەیدانی جەنگ بگرێتەوە، و داوای لە هەردوو وڵات کرد کە ڕێگەی "دیپلۆماسیی هێمن" تاقی بکەنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو خاڵە ناکۆکانەی لە کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباددا دروست بوون.