هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکانیان لەگەڵ شاندی ئەمریکا لە پاکستان نەبووەتە هۆی ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هێشتا دەرگای دیپلۆماسی دانەخراوە.
ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە:
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند: "لە کۆمەڵێک خاڵدا لێکتێگەیشتن هەبوو، بەڵام لە دوو بۆ سێ بابەتی زۆر گرنگدا جیاوازیی بیروڕا هەبوو، هەر بۆیە دانوستانەکان نەگەیشتنە ئاستی ڕێککەوتنی فەرمی."
پێشنیازەکانی هەردوولا:
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، لە میانی ٢١ کاتژمێر دانوستاندا، باسیان لە ١٠ خاڵی سەرەکی تاران کردووە، لە بەرامبەریشدا گفتوگۆیان لەسەر ئەو پێشنیازانە کردووە کە لایەنی ئەمریکی خستبوونیە ڕوو.
دیپلۆماسی وەک بژاردەی یەکەم:
بەقایی جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای ڕەوانەکردنی شاندەکان بۆ وڵاتەکانیان، "ڕێگای دیپلۆماسی دانەخراوە و وەک ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران دەمێنێتەوە."