هەرێم نیوز
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا هەڵوێستی سەربازیی خۆی بەرامبەر ئێران و لوبنان ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پابەندبوونیان بە ئاگربەست لەگەڵ تاران، بە مانای ڕاگرتنی شەڕ دژی حزبوڵا نایەت.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانیان لە ناو خاکی لوبنان دژی حزبوڵا بەردەوام دەبێت. هاوکات هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی باشووری ڕووباری "زەهرانی" کردووە کە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو ناوچەکانی باکوور بڕۆن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قۆناغێکی توندتری هێرشەکان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای ئیسرائیل توانیویەتی "مەترسیی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات"، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هێرشی چڕوپڕ کرایە سەر پێگەکانی هەڵدانی موشەکی ئەو وڵاتە. سوپا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێستا سەرنجی تەواویان لەسەر بەرەی لوبنان و لەناوبردنی تواناکانی حزبوڵایە.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تەلئەبیب و تاران، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند:
• پابەندین بە ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەپێی ڕێنماییە سیاسییەکان.
• ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام بدرێت.
ئەم پەیامەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە گۆڕانکاریی نوێ لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران دروست بووە، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت پەیامی ئەوە بدات کە بەرەی لوبنان هێشتا وەک مەیدانی سەرەکیی جەنگ ماوەتەوە.