دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرپرسێکی باڵای ئێران: ملکەچی فشارەکان نابین و گەرووی هورمز ناکەینەوە

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بە هیچ جۆرێک ملکەچی هۆشداریی کۆتایی و فشارە نێودەوڵەتییەکان نابێت بۆ بڕیاردان، دەشڵێت: "لە بەرامبەر ئاگربەستێکی کاتیدا، گەرووی هورمز ناکەینەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای تارانەوە بڵاویکردەوە، ئێران پێیوایە ئەمریکا ئامادە نییە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، هەر بۆیە تاران ئامادە نییە لە بەرامبەر "ئاگربەستێکی کاتی"دا، گەرووی هورمز کە شاخەمارەکی بازرگانیی جیهانییە، بە ڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە.

سەبارەت بە پێشنیازە نوێیەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە:
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا نە واشنتۆن و نە تاران، وەڵامی ئەو پێشنیازە نوێیەیان نەداوەتەوە کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بۆ هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ویتکۆڤ، نێردەی ئەمریکا نێردراوە.

ئەم لێدوانە توندانەی بەرپرسانی تاران لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP