دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی قەتەر تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و کێشەی میلیشیاکان دەکەن

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەردوو وڵاتیان کرد و داواشیان لە حکوومەتی عێراق کرد کە کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق، قەتەر و ناوچەکە بەگشتی کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کردووە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەر، و نیگەرانیی قووڵی خۆشیان لە بەرامبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕیوە، هاوکات جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری کردووەتەوە.

هەروەها هەردوو سەرۆک وەزیران هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، کە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکوومەتی عێراق کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی قەتەر جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەبێت هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچاو بگیرێن.

لە بەرامبەریشدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هاوسۆزیی هەرێمی کوردستانی بۆ گەلی قەتەر دووپات کردووەتەوە. لە کۆتاییشدا، هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوانیاندا، بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP