هەرێم نیوز
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کارانەبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کاتژمێرە جیاوازەکاندا دەکەن و هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە پاراستنی ئاسمانی پایتەخت بە بەرزترین تەکنەلۆژیای جیهانی و بە شێوەیەکی بەردەوام بەڕێوە دەچێت.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە سیستمەکانی دژەمووشەک و دژەدرۆن بە شێوەی شەوڕۆژ لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک، پرۆسەی پاراستنی ئاسمانی شاریش بە هیچ شێوەیەک ڕانەگیراوە و لەوپەڕی کارایی خۆیدایە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە گەلێک جار فڕۆکە جەنگییەکان بەشداریی کارا دەکەن لە تێکشکاندنی ئەو درۆن و مووشەکانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان، ئەمەش وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی پایتەخت.