هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایدەگەیەنێت، کە قۆناغە سەختەکەی جەنگی دژی ئێران کۆتایی هاتووە و لە ماوەی 2 بۆ 3 هەفتەی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنەکان یەکلا دەکرێنەوە، هاوکات هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەباش دەکات ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە کاتژمێر 9ی شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن پێشکەشی کرد، زانیاریی نوێی لەسەر پلانی وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئێران خستە ڕوو و ڕایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ ماوەی 2 بۆ 3 هەفتەی داهاتوو بە چڕی بەردەوام دەبن و کارەکە زۆر بە خێرایی کۆتایی پێدەهێنن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە لەو چەند هەفتەیەدا گورزی زۆر قورس لە ئێران دەدەن و دەیانگەڕێننەوە بۆ چاخی بەردین. هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا زۆر بە زوویی دەگاتە سەرجەم ئامانجەکانی لەم جەنگەدا، چونکە بە وتەی ئەو، توانای سەربازیی ئێران تێکشکاوە و قۆناغە سەخت و دژوارەکەی جەنگ کۆتایی هاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی 45 هەزار کەس لە خۆپیشاندەرانی ناوخۆی وڵاتەکە لە ڕابردوودا، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوا لەژێر سایەی ئەو چەکەدا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، بۆیە دەبووایە ئەم کێشەیە زووتر چارەسەر بکرایە.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، کە هێزەکانیان هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێرانیان لەناوبردووە و بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانیشیان پەکخستووە، و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتەش کوژراون.
سەبارەت بە دانوستانەکانیش، ترەمپ ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی ئێران بەردەوامە کە بەراورد بە بەرپرسانی پێشوو کەمتر توندڕەون، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر لەو ماوەیەدا ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوا یەک بە یەکی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران بە سەختی و لە یەک کاتدا خاپوور دەکەن.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ترەمپ جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا پێویستی بە گەرووی هورمز نییە و داوای لەو هاوپەیمانانەی کرد کە پشت بەو ڕێڕەوە دەبەستن، خۆیان هەنگاو بنێن بۆ کردنەوەی.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، و دڵنیاییشی دا کە ڕێگە نادەن هاوپەیمانە عەرەبییەکانیان لە کەنداو و هەروەها ئیسرائیل، لەم جەنگەدا زیانیان پێ بگات یان دووچاری شکست ببن.