دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

عەباس عەراقچی: هێشتا وەڵامی پلانی 15 خاڵیی ئەمریکامان نەداوەتەوە

هەرێم نیوز

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیدەکاتەوە وەڵامی پلانی 15 خاڵیی ئەمریکایان دابێتەوە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نامە لە نێوان خۆی و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، کە ئێران هێشتا وەڵامی پلانی 15 خاڵیی ئەمریکای نەداوەتەوە و هیچ مەرجێکیش بە لایەنی بەرامبەر نەدراوە.

هەروەها پشتڕاستیشی کردەوە کە نامە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا هیچ دانوستانێک لە نێوانیاندا نەکراوە.

ناوبراو هەروەها دانی بەوەدا نا کە دەزگا ئەمنییەکانی هەردوو وڵاتیش پەیوەندییان پێکەوە هەیە و نامە ئاڵوگۆڕ دەکەن، بەڵام ڕوونیکردەوە کە سەرجەم ئەو نامانەی ئاڵوگۆڕ دەکرێن، لە ڕێگەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە یان بە ئاگاداریی وەزارەتی دەرەوە دەکرێن.

 لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەشدا، عەراقچی قبوڵکردنی هەر جۆرە وادەیەکی دیاریکراوی (مۆڵەتێکی کاتیی سەپێنراو) لەلایەن ئێرانەوە بە توندی ڕەتکردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP