هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی خەریکی تاوتوێکردنی بڕیارێکی کۆتاییە سەبارەت بە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "CBS" ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ماددە ئەتۆمییانە لە "قووڵاییەکی زۆردا حەشاردراون" و دەرهێنانیان کارێکی یەکجار قورسە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان و هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆگایانە نەدراوە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەکاتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی (453.6 کیلۆگرام) یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هاوکات رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە ترەمپ فەرمانی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناوخۆی ئێران دەربکات بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمە ئاست بەرزەی کە تاران خاوەنیەتی.
بەپێی زانیارییەکان، پێش هێرشە ئاسمانییەکانی حوزەیرانی 2025، ئێران خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ بووە.
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، پێیوایە ئەو ماددانە لە تونێلەکانی ژێر زەوی لە نەتەنز و ئەسفەهان شاردراونەتەوە.