دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی و وەزیری وزەی ئەمەریکا دۆخی وزە و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکەن

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا، دوایین پەرەسەندنەکانی کەرتی وزە و ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراقی تاوتوێ کرد.

لە پەیوەندییەکەدا بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەم درا، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکانە لەسەر عێراق و دابینکردنی سەقامگیری بۆ بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا.

سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای بەردەوامبوونی هاوئاهەنگییەکانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت، بە مەبەستی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.

لە کۆتاییی گفتوگۆکەدا، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی هەڵگرتنی گەمارۆ بازرگانییەکان و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ گەشەپێدانی کەرتی وزە لە ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP