دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ڕادەگرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا سەرجەم تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنە نێوخۆییەکانی ناو قوتابخانەکانی ڕاگرت و ڕایگەیاند کە لەم قۆناغەدا تەنیا پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ٣ی ٢٠٢٦، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد. بڕیارەکە هەریەکە لە قوتابخانە حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکانیش دەگرێتەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە:
١- ڕاگرتنی تاقیکردنەوەکان: هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەکی ناو قوتابخانەکان بە هەموو شێوەیەک ڕاگیراوە. جەختکراوەتەوە کە نابێت هیچ قوتابی و خوێندکارێک بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێتەوە ناو بینای قوتابخانەکان.
٢- تەنیا خوێندنی ئۆنلاین: لەم قۆناغەدا تەنیا پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین ئەنجام دەدرێت و ئەوەش تەنیا ڕێگەی فەرمیی خوێندن دەبێت.
٣- تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان: ئەو قوتابخانە نێودەوڵەتییانەی کە وابەستەی کات و ڕێککەوتی تاقیکردنەوەی دەرەوەی وڵاتن، دەبێت پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانی تایبەتیان بۆ بکرێت.

ئەم هەنگاوەی وەزارەت دوای ئەوە دێت کە پرۆسەی خوێندن گۆڕدرا بۆ سیستەمی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی، و ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و ڕێکخستنی پرۆسەی فێربوونە لەم بارودۆخەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP