هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە نووسراوێکی فەرمیدا کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی دەوامی کارگێڕی و پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە ناوەندەکانی خوێندن بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ٣ی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە واژۆی نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت، ڕێنمایی نوێی ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنوورەکە کرد. بڕیارەکان جەخت لەسەر کاراکردنی خوێندنی ئۆنلاین و هەماهەنگیی نێوان مامۆستایان و کارگێڕیی قوتابخانەکان دەکەنەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێنماییەکان:
• دەوامی ڕۆژانی سێشەممە: دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن و سەرپەرشتیاران پابەند دەکرێن کە ڕۆژانی سێشەممە لە ناوەندەکانی خوێندن ئامادە بن، بە مەبەستی ڕاییکردنی ئەرکە کارگێڕییەکان و بەدواداچوونی پرۆسەی خوێندن.
• چاودێریکردنی خوێندنی ئۆنلاین: بەڕێوەبەرەکان ڕاستەوخۆ چاودێریی کارەکانی مامۆستایان دەکەن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئی-وانە" و ئەو گرووپانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (واتسئەپ، تێلیگرام، ڤایبەر) بۆ قوتابیان دروستکراون.
• تۆمارکردنی وانەکان: جەختکراوەتەوە لەسەر تۆمارکردنی وانەکان لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی؛ هەروەها پێویستە ناوەندە پیشەییەکان ڤیدیۆی فێرکاری تۆمار بکەن و بۆ قوتابیانی بڵاو بکەنەوە.
• ڕاپۆرتی هەفتانە: مامۆستایان دەبێت بە شێوەیەکی هەفتانە بەڕێوەبەرەکان لە ئەنجام و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن و کاردانەوەی (فیدباک) قوتابیان ئاگادار بکەنەوە.
پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوانە بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوەندەکانی خوێندن و دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامبوونی پرۆسەی فێربوون بە شێوازە نوێیەکان، سەرەڕای ئەو دۆخەی کە هاتووەتە پێشەوە.