هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت، کە تێیدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
سەرۆککۆماری تورکیا لەو پەیوەندییەدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەدا بوونە قوربانی.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هەڵوێستە دۆستانەکانی تورکیای کرد و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی ئارامی دەمێنێتەوە و نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگ و گرژییەک.
لە کۆتاییی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان کرد و جەختیان لە پێویستیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ ناکۆکییەکان کردەوە.