هەرێم نیوز
کاروان ستۆنی وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند کە وادەی دەرچوونی ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە دیاری کراوە و سبەینێ هەینی کۆتا ڕۆژ دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026 کاروان ستۆنی لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە ڕۆژی بیستی ئادار کۆتا مۆڵەتە بۆ دەرچوون و وەرگرتنی ڤیزای عومرەی ئەمساڵ.
سەبارەت بەو کەسانەشی کە پێشتر ڤیزایان وەرگرتووە ڕوونی کردەوە کە دواین وادە بۆ چوونە ناو خاکی سعوودیە ڕۆژی سێی مانگی نیسان دەبێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانیش ڕۆژی هەژدەی نیسان وەک کۆتا ڕۆژی وەرزی عومرە لە سعوودیە دیاری کراوە و دەبێت پێش ئەو بەروارە سەرجەم عومرەکاران بگەڕێنەوە.
هەر لەو ڕێکەوتەدا بە شێوەیەکی فەرمی ڤیزای حەجی ئەمساڵ چالاک دەکرێت و قۆناغی کردەیی بۆ گەشتی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەبێژی حەج و عومرە جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بەتەواوی کۆتاییان هاتووە.
لە کۆتاییشدا دڵنیایی دا کە سەرباری شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە کارەکاندا نەکراوە و هەموو شتێک بە ڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت.