هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وردەکاری هێرشە چڕەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی (١٧ و ١٨ی ئازاری ٢٠٢٦) بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی و قەزای کۆیە بڵاوکردەوە، کە تێیدا بارەگای هێزە سەربازییەکان و کەمپی پەنابەران کراونەتە ئامانج.
بەپێی ئامارەکان، لە ڕۆژی سێشەممەدا سێ هێرشی درۆنی و دوو هێرشی مووشەکی کراونەتە سەر بارەگای هێزەکانی ٧٠ لە شاری سلێمانی، کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو پێشمەرگە بە سووکی، هاوکات لە هەمان ڕۆژدا دوو هێرشی درۆنی کراونەتە سەر کەمپی پەنابەرانی کۆیە و لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاگرکوژێنەوەی خەلیفان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا بریندار بوون.
ئامارەکان بۆ ڕۆژی چوارشەممەش بەردەوامییان هەبووە، بە جۆرێک کە دوو هێرشی تری درۆنی کراونەتە سەر بارەگای هێزەکانی ٧٠ لە سلێمانی و زنجیرەیەک هێرشی تریش بۆ سەر سنووری کۆیە تۆمارکراون.
لە کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر سەنتەری شارۆچکەی کۆیە، هەروەها لە کاتژمێر ١:٣٠ی دوانیوەڕۆوە تا ئێستا، شەش هێرشی درۆنی یەک لەدوای یەک کراونەتە سەر کەمپی پەنابەرانی هەمان شارۆچکە.
دەزگای ئاسایش جەختی لەوە کردووەتەوە کە زۆربەی ئەم هێرشانە لە ئاسماندا تێکشکێنراون و لە هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.