دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

کوژرانی لاریجانی؛ هەرەسی ئەقڵی داڕێژەری ستراتیژەکانی تاران

هەرێم نیوز

تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی لە هێرشێکی ئاسمانیاندا کردووەتە ئامانج، ئێران بە فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. لاریجانی تەنها بەرپرسێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە بە ئەزموونترین و کاریگەرترین داڕێژەرانی سیاسەتی باڵای ئێران کە لە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و پڕ لە قەیراندا لە گۆڕەپانەکە لادرا.

پیاوی بڕیارە سەختەکان؛ نە سەرباز و نە تەنها سیاسی

عەلی لاریجانی هەرچەندە فەرماندەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵام لە ناو جەرگەی بڕیارە ستراتیژییەکانی ئێراندا بوو. وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ئەو کلیلی بڕیارەکان بوو سەبارەت بە جەنگ، دیپلۆماسی و ئاسایشی نەتەوەیی. دیدگای ئەو کێشێکی تایبەتی هەبوو لە بەڕێوەبردنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لاریجانی زمانێکی زۆر توندی گرتبووە بەر و پەیامی ئەوەی دەدا کە ئێران بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادەیە. لەو دوو هەفتەیەی کە جەنگ دەستی پێکردووە، لاریجانی وەک بەرپرسی یەکەمی بەڕێوەبردنی جەنگ دەبینرا، بەتایبەت لە سایەی نادیاریی چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، جێنشینی ڕێبەر.

سێ دۆسیە بێ سەرپەرشت مانەوە

لاریجانی لە کاتێکدا کوژرا کە سێ دۆسیەی گەورە و چارەنووسسازی لە دەستدا بوو:

بەڕێوەبردنی جەنگ: ئەو بڕوای وابوو دەبێت جەنگەکە فراوان بکرێت بۆ ناوچەکە و تەنانەت داخستنی گەرووی هورمزیشی وەک کارتێکی فشار دەبینی.

ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان: ئێران لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی بووەتەوە کە بەهۆی داڕمانی نرخی دراو دەستی پێکرد و گۆڕا بۆ داوای ڕووخانی ڕژێم. لاریجانی یەکێک بوو لەوانەی سەرپەرشتی توندترین سەرکوتی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکرد کە تێیدا هەزاران کەس کوژران.

بەرنامەی ئەتۆمی: لاریجانی ئەندازیاری گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بوو لەگەڵ واشنتن، کە ئێستا بەبێ سەرپەرشت و لە دۆخێکی هەڵواسراودا ماوەتەوە.

واقیعییەتی سیاسی و بێدەسەڵاتی ئاسمانی

هەرچەندە کۆماری ئیسلامی ئێران توانیویەتی لە ڕێگەی داخستنی گەرووی هورمز و لێدانی وڵاتانی کەنداو، بازاڕی وزەی جیهان تووشی قەیران بکات، بەڵام کوژرانی لاریجانی ڕاستییەکی تاڵی بۆ تاران دەرخست: ئاسمانی ئێران بێ بەرگرییە. هەر کەسایەتییەک بێتە جێگەی لاریجانی، لە هەمان چرکەساتدا دەبێتە ئامانجێکی ئامادە بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل.

ئەم دۆخە مەترسیدارە وایکردووە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، دەسەڵاتێکی فراوان بداتە یەکە سەربازییەکان. ئەمەش واتە ئەگەر پەیوەندییان بە ناوەندەوە پچڕا یان فەرماندەکانیان کوژران، خۆیان بڕیاری هێرش بدەن. ئەمە ڕەنگە بەرگریی بەردەوام بکات، بەڵام یەکگرتوویی لە بڕیاردانی سەربازیدا لەناو دەبات.

قەیرانی جێنشینی و داهاتوویەکی نادیار

نیشانەکان وا دەردەکەون کە بازنەی دەسەڵات لە تاران لە دیاریکردنی جێنشین بۆ بەرپرسە کوژراوەکان تووشی گێژاوی بووە. دوورکەوتنەوەی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێ، لە چاوی میدیاکان، نیشانەیەکە بۆ قووڵی قەیرانە ئەمنییەکان یان نەبوونی کۆدەنگی لە ئاستە باڵاکاندا.

لە کورتخایەندا، مەرگی لاریجانی ڕۆڵی سەربازییەکان لە بڕیارە سیاسییەکاندا زیاتر دەکات، کە ئەمەش واتە توندتربوونی سەرکوت لە ناوخۆ و سەربازیترکردنی سیاسەتی دەرەوە. بەڵام لە درێژخایەندا، ڕژێمێک کە یەک لە دوای یەک سەرکردە ئەزمووندارەکانی لەدەست بدات، لە بەڕێوەبردنی وڵاتێکی ٩٠ ملیۆن کەسییدا تووشی ئیفلیجی دەبێت.

کوژرانی عەلی لاریجانی تەنها لەدەستدانی کەسایەتییەک نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ پەرەسەندنی قەیرانێک لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدا، کە دەتوانێت هەم ڕەوتی جەنگەکە بگۆڕێت و هەم سەقامگیریی درێژخایەنی حکومەتی ئێران بخاتە ژێر پرسیارەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP