دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشدارییەک ؛ سوپای پاسداران بە جلی پێشمەرگەوە لە ناوچە سنوورییەکان دەردەکەون

هەرێم نیوز

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" زانیاریی هەستیار لەبارەی جووڵەیەکی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو دەکاتەوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سوپا پەنای بۆ "فێڵی سەربازی" بردووە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢٦ (١٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥)، لە شاری کامیاران، ژمارەیەک چەکدار بە جلی ڕێکخراوەیی هێزەکانی پێشمەرگەی حزبە کوردستانییەکانەوە بینراون. ئەم کەسانە بە چەندین ئۆتۆمبێلی جۆری "سایپا" لەسەر ڕێگەی گوندی تەروەڕێز بە ئاشکرا هاتوچۆیان کردووە، بە مەبەستی ئەوەی نیشانی بدەن کە پێشمەرگە لە ناوچەکەدا ئامادەیی هەیە.

هەنگاو دوای بەدواداچوونەکانی ئاشکرای کردووە کە ئەم کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە حزبە کوردییەکانەوە نییە، بەڵکو ئەندامی سوپای پاسدارانن و تەنها جلی پێشمەرگەیان پۆشیوە بۆ چەواشەکردنی خەڵک و دروستکردنی سیناریۆی ئەمنی.

ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەری هەیە سوپای پاسداران لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمان فێڵ دووبارە بکاتەوە. داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت:
• لە کاتی بینینی ئەم جۆرە جووڵانەدا زۆر هۆشیار بن.
• بە ئاسانی متمانە بەو کەسانە نەکەن کە بە ناوی پێشمەرگەوە لە ناوەندە گشتییەکان دەردەکەون.
• ئاگاداری هەڵسوکەوتەکانیان بن تاوەکو نەکەونە ناو داوی ئەمنی و سیناریۆکانی سوپای پاسدارانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP