هەرێم نیوز
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بڕیاری لێخۆشبوونی سزاکانی هاتوچۆ درێژ کراوەتەوە و ئاشکراشی دەکات کە لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە لێخۆشبوونی لەسەدا 20ی سزاکانی هاتوچۆ تاوەکو 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ درێژ بکاتەوە.
سەبارەت بە پرسی مووچەش جەختی لەوە کردەوە کە لە 23ی ئەم مانگەوە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەیان ناردووە، هەر ڕێکارێکی دیکەش پێویست بێت بۆ ناردنی مووچە، حکومەت ئامادەیە جێبەجێی بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە ڕوونکردنەوەی لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان دا و سەرۆکی حکومەتیش پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دووپات کردەوە.
لەبارەی داهاتی ناوخۆشەوە هۆشداری دا کە داهاتەکان، بەتایبەت داهاتی گومرگەکان بە ڕێژەی لەسەدا 60 کەم بوونەتەوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی دارایی هەرێم دروست کردووە.
پەیوەست بە شایستە داراییەکانی هەرێم، وتەبێژی حکومەت ڕوونی کردەوە کە لەگەڵ کابینەی ئێستای بەغدا تەنیا دەتوانن گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە بکەن، بەڵام دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای بەشەبودجە و شایستە داراییەکانی خۆی دەکات.
ڕوونیشی کردەوە کە مافی ساڵانەی هەرێم لە بودجەی عێراقدا 22 تریلیۆن دینارە، لە کاتێکدا هەرێم ساڵانە تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە پێویستی بە 14 تریلیۆن دینارە.
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد کە تا ئێستا بڕیار نییە هیچ شاندێکی هەرێم بچێتە بەغدا، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بەردەوام ئامادەییان دەربڕیوە بۆ سەردانیکردن.