هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا کۆبووەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە د. جێزا ئەندریاس، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی بە درێژی تاوتوێ کران.
هاوکات بەشێکی دیکەی دیدارەکە تەرخان کرا بۆ گفتوگۆکردنی ورد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی گشتیی ناوچەکە.
شاندی میوان دووپاتیان کردەوە کە ئەڵمانیا بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە سەقامگیریی عێراق و هەرێم و دەخوازن هەماهەنگییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوام بێت.
لەلای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
سەرۆکی هەرێم لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و پێویستیی پاراستنی ئارامیی ناوچەکە کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا کە باڵیۆز و کونسوڵی ئەڵمانیا ئامادەی بوون، هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و دۆخی ئاڵۆزی سووریا تاوتوێ کران.