دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

نەخشەی کاتژمێرەکانی ڕۆژوو لە جیهاندا؛ لە هەرێمی کوردستان کاتەکان کورتتر دەبنەوە

هەرێم نیوز

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، جیاوازییەکی زۆر لە ماوەی ڕۆژووگرتن لەنێوان وڵاتانی جیهاندا بەدی دەکرێت، کە لە ١١ کاتژمێرەوە دەست پێ دەکات و لە هەندێک ناوچەی باکووری زەوی دەگاتە ٢٠ کاتژمێر، لە هەرێمی کوردستانیش کاتی ڕۆژووگرتن کەمێک کورتتر دەبێتەوە.

ماوەی ڕۆژووگرتن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بەپێی شوێنی جوگرافی و کاتی هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر دەگۆڕێت.
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان موسڵمانان نزیکەی ١٢ کاتژمێر و ٣٣ خولەک بەڕۆژوو دەبن، کە ئەمەش بە بەراورد بە ناوچە دوورەکانی باکوور کاتێکی مامناوەندە.

درێژترین و کورتترین کاتەکان لە جیهاندا:
• درێژترین ماوە: لە وڵاتانی وەک نەرویج، سوید و فینلەندا موسڵمانان زیاتر لە ١٦ کاتژمێر بەڕۆژوو دەبن، تەنانەت لە هەندێک ناوچەی باکووری کەنەدا و ڕووسیا ماوەکە دەگاتە ٢٠ کاتژمێر.

• کورتترین ماوە: ئەو وڵاتانەی دەکەونە نیوەگۆی باشووری زەوی وەک ئەرژەنتین، چیلی و نیوزیلەندا، کورتترین ماوەی ڕۆژوویان دەبێت کە لەنێوان ١١ بۆ ١٣ کاتژمێرە.
• وڵاتانی کەنداو: لە ئیمارات ماوەی ڕۆژووگرتن دەبێتە ١٢ کاتژمێر و ٤٧ خولەک، کە بە نزیکەی نیو کاتژمێر کەمترە لە ساڵی ڕابردوو.

بەهۆی درێژیی نائاسایی کاتەکانی ڕۆژ لە هەندێک ناوچەی جیهان، زانایانی ئایینی ڕێگەیان داوە موسڵمانانی ئەو شوێنانە یان پەیڕەوی کاتی مەککەی پیرۆز بکەن، یان کاتی نزیکترین شاری مامناوەند لە ڕووی جوگرافییەوە پەیڕەو بکەن بۆ شکاندنی ڕۆژووەکانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP