دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەپڵ مۆدێلێکی بچووک و بەهێزی ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

کۆمپانیای ئەپڵ مۆدێلێکی نوێی زیرەکییەکی دەستکردی بە ناوی (Ferret-UI Lite) ڕاگەیاند کە بەبێ پێویستبوون بە هێڵی ئینتەرنێت ڕاستەوخۆ لەناو ئامێرەکاندا کار دەکات و کێبڕکێی مۆدێلە زەبەلاحەکان دەکات.

ئەم مۆدێلە نوێیە سەرەڕای ئەوەی تەنها 3 ملیار پارامیتەری هەیە، بەڵام لە تاقیکردنەوەکاندا ئاستێکی هاوتا یان باشتر لەو مۆدێلانە نیشان دەدات کە 24 هێندەی خۆی گەورەترن.

لە کانوونی یەکەمی 2023، تیمێک لە 9 توێژەر توێژینەوەیەکیان بە ناوی "FERRET" بڵاوکردەوە کە مۆدێلێکی زمانەوانیی گەورەی فرەڕەهەند بوو بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەکانی زمانی سروشتی لەسەر بەشە دیاریکراوەکانی وێنەیەک.

لەو کاتەوە ئەپڵ کۆمەڵێک توێژینەوەی دیکەی بۆ پەرەپێدانی خێزانی مۆدێلەکانی فرێت (Ferret) بڵاوکردووەتەوە، لەوانە Ferretv2 و Ferret-UI و Ferret-UI 2.

وەشانەکانی Ferret-UI تواناکانی مۆدێلە بنەڕەتییەکەیان پەرەپێداوە بۆ زاڵبوون بەسەر کەموکوڕیی مۆدێلە فرەڕەهەندە گشتییەکان.
ئێستاش کۆمپانیای ئەپڵ بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر (Ferret-UI Lite) کە تایبەتە بە دروستکردنی یاریدەدەری زیرەکی بچووک لەناو ئامێرەکاندا، ئەم خێزانەی زیاتر فراوان کردووە.

مۆدێلی پێشووی Ferret-UI لەسەر بنەمای 13 ملیار پارامیتەر دروست کرابوو و تەرکیزی لەسەر تێگەیشتن لە ڕووکاری بەکارهێنەری مۆبایل بوو.

دواتریش Ferret-UI 2 بۆ پشتگیریکردنی چەندین سەکۆ و تێگەیشتن لە وێنەی کوالێتی بەرزتر پەرەی پێدرا.

بەڵام ئەم مۆدێلە نوێیە زۆر سووکترە و بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە ڕاستەوخۆ لەناو خودی ئامێرەکەدا کار بکات.

هاوکات ئەم مۆدێلە توانای کێبڕکێی ئەو یاریدەدەرە زیرەکانەشی هەیە کە قەبارەیان زۆر گەورەترە.

توێژەرانی ئەم توێژینەوەیە دەڵێن، زۆربەی هەوڵەکانی ئێستا بۆ دروستکردنی یاریدەدەری زیرەک تەرکیز دەخەنە سەر مۆدێلە گەورەکانی ناو سێرڤەرەکان.

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای بەرزی شیکردنەوە و پلاندانان لەو مۆدێلە گەورانەدا، کە ڕێگە بەو سیستەمانە دەدات ئەرکە ئاڵۆزەکانی ناو ڕووکاری بەکارهێنەر بەباشی جێبەجێ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP