هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٦، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد: ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی ڕێنماییە نوێیەکانی خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکانی عێراقە، بەتایبەت پرسی "سیستەمی ئەسیکۆدا" (Asycuda) کە کێشەی گەورەی بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانی هەرێم دروست کردووە و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم جووڵەی بازرگانی.
هەروەها یاریدەدەری مەسرور بارزانی وتی: شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٤ و پرسی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەکەن، تاوەکو بگەنە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
تێبینی: سیستەمی ئەسیکۆدا (Asycuda) چییە؟
سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگ (Automated System for Customs Data). حکومەتی عێراق جێبەجێی کردووە، بەڵام بەهۆی یەکنەگرتنەوەی ڕێکارەکان، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی جووڵەی بازرگانی و دروستبوونی کێشە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە مەرزەکاندا.