هەرێم نیوز
ئێسکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەردەم لیژنەی بانکەکانی ئەنجومەنی پیران ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی "شێتانە" سەرقاڵی گواستنەوە و ناردنە دەرەوەی سەرمایەکانیانن بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ "نزیکبوونەوەی کۆتایی" ڕژێمەکە لێکدەداتەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتی ڕوونکردنەوەی ستراتیژی "فشاری زۆرینە" بۆ سەر تاران، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ئێستای دەسەڵاتدارانی ئێران وەک "ڕاکردنی مشکەکان لە کەشتییەکی نوقمبوو" وایە و لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە بڕێکی زۆر لە سەرمایەی نیشتمانی لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.
ئەم لێدوانانەی بێسێنت تیشک دەخەنە سەر کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان و تێکچوونی باری ناوخۆیی ئێران، کە بووەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە متمانەیان بە مانەوەی درێژخایەنی سیستەمەکە نەمێنێت و هەوڵی پاراستنی سەرمایەکانیان بدەن لە وڵاتانی دیکە.