هەرێم نیوز
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیامێکی ڕاشکاو و هۆشداریدەر ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن تەنها بۆ تاقیکردنەوەی چانسەکان دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و هیچ سازشێک لە ئارادا نییە.
مارکۆ ڕوبیۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە (٥ـی شوباتی ٢٠٢٦) ڕایگەیاند، ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران بە واتای پاشەکشە نایەت. ئەو بە توندی هۆشداریی دا و گوتی: "مووشەکەکانمان لەسەر مێزی گفتوگۆن ئەگەر نەگەین بە ڕێککەوتن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بژاردەی سەربازی لە ئەگەری شکستخواردنی دیپلۆماسییەت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و گوتی:
• تاران نوێنەرایەتی گەلی ئێران و فەرهەنگە مێژووییەکەی ناکات.
• دەسەڵاتدارانی تاران سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەندیان بۆ دابینکردنی دارایی "تیرۆر" و گروپە چەکدارەکان خەرج کردووە.
• ئامانجی تاران تەنها "هەناردەکردنی شۆڕش" بووە بۆ سەرانسەری جیهان.
ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت، دەبێت پرسی بەرنامەی مووشەکی بالیستیک لە تەوەری سەرەکی و بنەڕەتییەکان بێت، کە ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی تاران تا ئێستا ڕەتی کردووەتەوە گفتوگۆی لەسەر بکات.
ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ دوای ئەوە دێت کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، فشاری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان وایکردووە پلانی دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی لە مەسقەت بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، دوای ئەوەی مەترسی هەڵوەشاندنەوەی لەسەر بوو.